ھەر ئەوەندەی چوومە ھۆڵی بۆنەكان و فیلمەكە دەستی پێكرد، دڵم لەسەر ھەزار لێی دەدا، بیستبووم لەسەر كارەساتی كیمیاباران و ئازارەكانی كوردە، تایتڵ ڕۆشت و منیش لەگەڵی تا بەردەرگای خوێن و فرمێسك و كارەساتی سەردەشت و ھەڵەبجە و كورد چوومەوە.
دوو كاتژمێر كەم نییە تۆ بگریت!
كەم نییە دوو كاتژمێر فرمێسكت خۆش نەكاتەوە و ھەرچی ئازاری ئەم نەتەوە ھەیە نەیەتەوە بەر ھزر و بیناییت!
ئەمڕۆ فیلمی نێودەوڵەتیی (ئێرانیی ـ كوردیی)، لە ھەڵەبجە بۆ یەكەمجار پەخش كرا، فیلمێكی سینەمایی تا بڵێی بەھێز و پیشەیی، واقیعیی و پڕ ھەیەجان، لە ڕووی چیرۆك و سیناریۆ و ڕەگەز و جوڵە و كادێر و كارەكتەر و موزیك و لۆكەیشن و مۆنتاژ و وێنەگرتن و فلاشباك و تەكنیكی نوێی سینەمایی تا ئەوپەڕی كاریگەر، ئەو فیلمەی ئەمڕۆ بینەرەكانی ھەڵەبجەی سێ دەیە زیاتر بردەوە بۆ مەرگەسات و مەشھەدە تاڵ و جەرگبڕەكانی كیمیاباران و مەرگ و ونبوون.
سینەما ئەو ھونەرە بەرزەیە كە توانابڕە بۆ تەعبیر، سنوورشكێنە بۆ گەیاندنی پەیام، ھیچ ژانرێك ھێندەی سینەما ناتوانێت زمانحاڵی مرۆڤ بێت، بەتایبەت بۆ كورد و كارەساتەكانی، بەتایبەتتر بۆ ئەنفال و ھەلەبجە و سەردەشت و باقی كارەساتەكانی تر.
پاڵەوانێكی وەكو (قادر) ھەرگیز نامرێ، بەڵام مرد، (ناسر و شەھێن و ماڵماڵ) گیان، دەبێت ھەر گەورە بن، بەڵام گاز خنكاندنی، (ژینە)ی كچی نەتەوەیەكی بێ دایك و باوك و كەس، دەبێ ھەر بدۆزرێتەوە كەچی ونبوو.
ئیتر حەقە حكومەت ھەرچی پارەی ھەیە بیدات بە سینەما و ھونەر و ئەدەب، تا ئازارە بەردەوامەكانی تەرجەمە بكەن بۆ گەلانی دونیا، بە تایبەت سینەما كە ئەمڕۆ دوای سی ساڵ زیاتر من و ھەڵەبجەی لە پێناو ماف و ئازادیی و بەدەستھێنانەوەی ژیان زیندووكردەوە.
بەڵام بەداخەوە دەسەڵات و حكومەت لەم ڕووەوە نەك خەمساردن بەڵكو شوێنگرەوەیان بۆ ئەم ھونەرە مەزنە جێكردۆتەوە كە ئەویش بەخەرجدانی پارەیەكی زۆرە بۆ میدیا و كەناڵی لاوازی بێ بەرنامە و دونیای مۆدێل و زەمینەسازیی بۆ ھێنانی جۆرەھا ڕموز و ئایكۆنی سەقەتی بێگانە، سەرباری ئەوەی بیر نەكراوەتەوە لە دامەزراندنی كۆمپانیایەكی سینەمایی نیشتیمانیی تا ئەم ھەموو چیرۆك و كارەساتە بە ھونەر بكەن بۆ بە نەمریی ھێشتنەوەیان.
ئەم فیلمە لە ھەڵەبجە چەند ڕۆژێك پەخش دەبێت بێ بەرامبەر وەك وەفایەك، دەخوازم ھەمووان بچن بۆ بینینی.
وێڕای سەردانەواندن بۆ نوسەر و سیناریست و دەرھێنەر و كارەكتەر و ستافی ئەم فیلمە، دەستخۆشیی لە كۆمپانیای مەستی فیلم و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیریی و ھونەری ھەڵەبجە دەكەم.
كە فیلمەكە تەواو بوو، لەسەر تابلۆی (دارگوێز) كە دانرابوو بۆ واژو، ئاوام نوسی:
(جارێكی تر، منت كوشت).
Comments