top of page
Search

دوو منداڵی كورد دادوه‌ری فێستیڤاڵی فیلمی منداڵانی ئیسفه‌هانن

دوو منداڵی كورد بوونه‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی دادوه‌رانی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌كانی منداڵانی ئیسفه‌هان.

دوو منداڵی كورد له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ ناوه‌كانی "مه‌ستی فوئاد جه‌لال" و "میلانۆ فوئاد جه‌لال" وه‌كوو ئه‌ندامی لیژنه‌ی دادوه‌رانی سی ‌و دووهه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌كانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ده‌ستنیشان كراون.

به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و راگه‌یاندنی سی‌ودووهه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌كانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، دوو منداڵی كورد له شاری سلێمانی له‌ هه‌رێمی كوردستان به ناوه‌كانی "مه‌ستی فوئاد جه‌لال" ته‌مه‌ن ١١ ساڵ و هه‌روه‌ها "میلانۆ فوئاد جه‌لال" ته‌مه‌ن ١٦ ساڵ كه‌ منداڵی "فوئاد جه‌لال" به‌رپرسی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی و خاوه‌نی كۆمپانیای سینه‌مایی "مه‌ستی فیلم" بۆ یه‌كه‌مین جار له مێژووی هه‌رێمی كوردستان به هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك منداڵ له وڵاتانی ژاپۆن، ڕووسیا، مالیزی، ئه‌رمه‌نێستان، جۆرجیا، پاكێستان، لوبنان و ئێران كه‌ له‌ 17 كه‌س وه‌كوو ئه‌ندامی لێژنه‌ی دادوه‌رانی سی‌ و دووهه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌كانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفه‌هان له وڵاتی ئێران ده‌ستنیشان كراون و فیلمه‌كانی به‌شی پێشبڕكێی نێوده‌وڵه‌تی فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كانی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ گرنگه‌ی سینه‌مای منداڵانی جیهان هه‌ڵده‌سه‌نگێنن و له ڕێوڕه‌سمی كۆتایی ئه‌م فیستیڤاڵه‌دا خه‌ڵاتی په‌پووله‌ی زێڕینی به‌شه‌كان به فیلمه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.

ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕكێی نێوده‌وڵه‌تی فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كانی سی ‌و دووهه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌كانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران له‌ شاری ئیسفه‌هان بریتین له‌: "مه‌ستی فوئاد جه‌لال" و "میلانۆ فوئاد جه‌لال" له‌ هه‌رێمی كوردستان، "ژێنگ یانگ لوو" له وڵاتی ژاپۆن، "مێهدی ئه‌حمه‌د" له‌ وڵاتی لوبنان، "محه‌مه‌د واریام یانكی" له‌ وڵاتی پاكستان، "مریه‌م گیگلاشۆیلی" له‌ وڵاتی جۆرجیا، "ئارام ده‌وڵه‌تییان" له‌ وڵاتی ئه‌رمه‌نێستان، "مه‌هین فاتیما" له‌ وڵاتی پاكستان، "داوید میامۆتۆ سوارێز" له‌ وڵاتی ژاپۆن، "ئانجلینا كاشیر تسوا" له‌ وڵاتی ڕوسیا، "نیكۆلێز چیگۆگیدزه‌" له‌وڵاتی جۆرجیا، "ماكسیم كۆخارۆك" له‌ وڵاتی ڕووسیا، "سه‌یدمحه‌مه‌د شابیر عه‌‌باس" له‌ وڵاتی پاكستان، "ڕۆكسانا ڕه‌سووڵی" ، "زه‌هرا ئاقاجان"، "زه‌ینه‌ب سادات مورادپوور" و "ئاتریا حاج سوڵتانی" و "ئه‌هوورا ئه‌بوولی" له‌ وڵاتی ئێران.

فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كانی به‌شی پێشبڕكێی نێوده‌وڵه‌تی سی ‌و دووهه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌كانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفه‌هان كه‌ ئه‌م منداڵانه‌ دادوه‌رییان ده‌كه‌ن له‌ سینه‌ماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان پێكهاتوون كه‌ بریتین له‌: ئیتاڵیا، فه‌ڕه‌نسا، ئه‌ڵمانیا، سویسڕا، ڕوسیا، دانیماڕك، هۆڵه‌ندا، ژاپۆن، به‌لژیكا، قرقیزستان، توركیا، نۆڕوێژ، لێتۆنی، هیندستان، ئه‌فریقای باشوور، كرۆڤاسی و ئێران.

فیلمی سینه‌مایی "كاتێك بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌كان" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری ناوداری كورد "به‌همه‌ن قوبادی" یه‌كێكه‌ له‌ فیلمه‌ هه‌ره‌ دره‌وشاوه‌كانی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌كانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران و خه‌ڵاتی په‌پووله‌ی زێڕینی باشترین فیلمی 15مین خولی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌.

هه‌روه‌ها فیلمی سینه‌مایی "كیسه‌ڵه‌كانیش ده‌توانن بفڕن" له‌ ده‌رهێنانی "به‌همه‌ن قوبادی" له‌ 19 یه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌كانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفه‌هان نمایش كرا و له‌ لایه‌ن بینه‌رانی ئه‌م ئه‌م فێستیڤاڵه‌ گرینگه‌ی سینه‌مای منداڵانی جیهان پێشوازییه‌كی بێوێنه‌ی لێكراو له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م خوله‌ی فیستیڤاڵه‌وه‌ خه‌ڵاتی په‌پووله‌ی زێڕینی باشترین فیلم، خه‌ڵاتی تایبه‌تی باشترین ئه‌كته‌ری منداڵ بۆ "اواز له‌تیف"، خه‌ڵاتی تایبه‌تی باشترین ئه‌كته‌ری منداڵ بۆ "عه‌جیل زێباری" و هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی تایبه‌تی باشترین ئه‌كته‌ری منداڵ بۆ "فه‌یسه‌ڵ ڕه‌حمان"ی به‌ده‌ستهێنا.

سی ‌و دووهه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌كانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ICFF به‌ ده‌بیری و به‌رپرسایه‌تی "عه‌لیڕه‌زا تابێش" له‌ به‌شه‌كانی فیلمی درێژی چیرۆكی، كورته‌ فیلمه‌كانی چیرۆكی، وێب سێری، فیلمه‌كانی ئه‌نیمه‌یشێنی درێژ و كورته‌ فیلمه‌كانی ئه‌نیمه‌یشێن له‌ دوو به‌شی "نه‌ته‌وه‌یی" و "نێونه‌ته‌وه‌یی"دا به‌ سازدانی چه‌ندین كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی پسپۆڕانه‌  له‌سه‌ر هونه‌ری سینه‌ما له‌ شاری مێژوویی ئیسفه‌هان له‌ وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.




70 views0 comments

Comments


bottom of page