top of page
Search

چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی لە ڕیزی باشترین فێستیڤاڵەکانی جیهانی دەبێت.

ستافی بەڕێوەبەری چوارەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سلێمانی لە پرێس کۆنفڕانسێکدا وێرای ڕوون کردنەوە لەبارەی هەنگاوە هەڵگیراوەکان، ئاماژەیان بەوە دا کە خولی نوێی ئەم فێستیڤاڵە جیاوازتر لە خولەکانی ڕابردووی بڕیارە لە ئاستی باشترین فێستیڤاڵەکانی جیهانی فیلم بەڕێوە بچێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئێوارەی رۆژی ڕابردوو (سێ شەممە) پرێس کۆنفڕانسێک بە بەشداریی مەلا بەختیار سەرۆکی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سلێمانی، فواد جەلال بەڕێوەبەری ئەو فێستیڤاڵە و لینا ڕەزا و دانەر عومەر بەڕێوەبەرانی بەشی پلان داڕێژی و بەشی هونەریی فێستیڤاڵ لە تەلاری هوتێل ڕامادای سلێمانی بەڕێوەچوو.


لە سەرەتای دانیشتنەکە مەلا بەختیار بە ئاماژە بە هەنگاوە هەڵگیراوەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم بەڕێوەچوونی سێ خولی ڕابردووی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی وتی: هەنگاوی یەکەمی ئەم فێستیڤاڵە هەر زوو توانی لە ناو ناوەندە هونەرییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، سۆز و خۆشەویستی و متمانەکان بۆ لای خۆی ڕاکێشێت و ببێتە هاندەرێک بۆ هەموو بەرپرسان و ستاف و بەڕێوەبەران و خولەکانی داهاتووی فێستیڤاڵ.


ناوبراو بە داکۆکی لە دوو هەنگاوی ئیجابی وەک چارەسەری و دابین کردنی کێشە و گرفتی ماڵی و پێشکەوتوویی و ئەنجامی کاری سیستەماتیک لە پەیوەندی گرتن و ڕاگەیاندن لە خولی نوێی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی، وتیشی: هەوڵ دراوە بو وردی ئاور لە تەواو ڕەخنە و گازەندەکان لە خولەکانی پێشتر بدرێتەوە و بەردەوام دەرگای ڕەخنە لە داهاتووشدا کراوە دەبێ.


مەلا بەختیار سەبارەت بە زەروورەتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی فیلم سلێمانی ڕوونی کردەوە: کاتێک فەرهەنگی سینەما دەبێتە واقیعی هونەری لە ئاستی جیهان، فەزایەکی نوێ دروست دەکات بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکان و لەمناوە فێستیڤاڵەکان وێستگەیەکن بۆ هاندانی هونەرمەندان و پەرەدان بە هونەری سینەما. کەواتە تێگەیشتنی سەردەم پێمان دەڵێ سینەما مۆڵکی هەموو جیهانە و چیتر هونەرێکی لۆکاڵی نییە و ڕەهەندێکە لە بەردەم سینەماسازییەوە و ئەوە هەمان پێوەرە کە ئێمە هان دەدا بۆ بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵی فیلم لە سلێمانی.


لە درێژەی دانیشتنەکە خاتوو لینا ڕەزا بەڕێوەبەری بەشی پلان داڕێژیی چوارەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سلێمانی، ئەم خولە لە فێتسیڤاڵی بە نیسبەت خولەکانی ڕابردوو جیاواز هەڵسەنگاند و وتی: هەوڵ دراوە لەم خولە فۆکوس بخرێتە سەر کوالی فایەکان و بەو مەبەستە لە گەڵ کۆمپانیاگەلی جیهانیی بڵاوکەرەوەی فیلم و هەروەها فێستیڤاڵە جیهانییەکانی وەک کان و بەرلین و ... پەیوەندی گیراوە و هەوڵ دراوە فیلمە زۆر باشەکانی ئەو فێستیڤاڵانە بە بەشداری نوێنەرەکانیان بهێنرێنە فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی و نمایش بکرێن.


نینا ئاماژەی بە بەڕێوەچوونی سێمیناری تایبەت بە فێستیڤاڵە نێونەتەوەییەکان و لەوان کراکو، زگریب، ئاتلانتا، فەجری ئێران و ... وەک یەکێک لە هەنگاوە ئیجابییەکانی خولی ڕابردووی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی کرد و وتیشی: پێداگریی میوانان و  بەشداربووانی ئەو سێمینارە بۆ ناساندنی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی وەک یەکێک لە فێستیڤاڵە پلە یەکەکانی جیهان بە تایبەت لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە فیدبەکەکانی ئەو سێمینارە بووە کە ئەوساڵ هەوڵ دراوە تەرکیزی زیاتر بخرێتە سەر ئەو بەشە.


ناوبراو دروشمی ئەوساڵی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سلێمانی "شێرپەنجەی زەوی" ڕاگەیاند و بیری هێنایەوە: بۆ ئەوساڵ پەیوەندی لە گەڵ ناوەندی جیهانی سینەما بۆ ئاشتی (Peace Cinema) گیراوە کە جەخت لە تولێرانسی پێکەوە ژیان، پاراستنی ژینگە و پرسە جیهانییەکان دەکات و بڕیارە لەو مژارە و هاوسەنگ لە گەڵ مژارەکانی فێستیڤاڵی ئەوساڵ فیلمیان لێ وەرگرین.


بەڕێوەبەری بەشی پلان داڕێژی ئاماژەی بە ئاستی بەشداریی ئەوساڵی فێستیڤاڵی سلیمانی کرد و ڕایگەیاند: بانگەوازی فێستیڤاڵ لە سەرەتای مانگی مەی ئەمساڵی زایینی بڵاوکرایەوە و ماوەی وەرگرتنی فیلمەکان دوو مانگ دیاری کرابوو کە لەو ماوەیەدا نزیکەی ٥ هەزار فیلم لە رێگەی پلاتفۆرم و ماڵپەڕی فێستیڤاڵەوە بەشداریان کردووە و دوای قۆناغی یەکەمی پێداچوونەوە بۆ بەرهەمە فیلمییەکان لە لایەن فیلمسازان و کەسانی بە ئەزموونەوە ١٥٠ فیلم لە ٥٠ وڵاتی جیهانی بۆ نمایش و کێبەرکێ هەڵبژاردراون.


پاشان فواد جەلال بەڕێوەبەری چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سلێمانی و بەرپرسی کۆمپانیای مەستی فیلم وەک کۆمپانیای هاوکار و بەڕێوەبەری فێستیڤاڵ، وێرای ئاماژە بە دەستگرتنی ماڵی و کەمکردنەوەی تێچووەکان لە چاو خولەکانی ڕابردوو و بەرزکردنەوەی ئاستی کوالیتی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی، جەختی کرد: ئەم فێستیڤاڵە پێداگرە لە نمایشدانی شوناسی کورد لە ئاستێکی جیهانی و بەو پێیە هەوڵ دراوە لە هەر کام لە بەشەکانی کورتە فیلم، فیلمی بڵیند، دیکۆمێنتاری، ئەنیمەیشێن و بەشی منداڵان ئاور لە فیلمە کوردییەکان بدرێتەوە.


ناوبراو بە ئاماژە بە ماوەی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵ لە رۆژانی ١ تا ٧ی ئاکتەوبر، ڕایگەیاند: ڕێوڕەسمی کرانەوە و کۆتایی فێستیڤاڵ لە تەلاری هونەری سلێمانی دەبێ و بۆ نمایشی فیلمەکان سینەماکانی سیتی سینەما، سالم و ئەمنە سوورەکە لە بەرچاو گیراوە.


بەرپرسی مەستی فیلم ڕاشیگەیاند: لەم ماوەیە بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی ئەم خولە لە فێستیڤاڵ پەیوەندی بە زۆر هونەرمەندی گەورەی بواری سینەما گیراوە و  هەروەها  سەردانی زۆر دەوڵەتان کراوە و هەوڵ دراوە سینەماگەران، ئەکتەران و هەنەرمەندانێکی زۆر لە ئاستی جیهاندا بانگهێشتی فێستیڤاڵەکە بکرێت.


لە کۆتایی ئەو پرێس کۆنفڕانسە دانا عومەر بەڕێوەبەری چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سلێمانی لە لای خۆیەوە ئاماژەی بە کاریگەریی فێستیڤاڵ لە سەر دروست کردنی فیلم و گەشەی هونەری سینەما لە ناوچەدا کرد و وتی: بە خۆشحاڵییەوە لە ماوەی ئەم چوار فێستیڤاڵە بەو گوژمە کەمە بە دەستەوە بووە چەندین فیلم بەرهەم هاتووە و بزووتنەوەیەکی باشی بەرهەم هێنان وەڕێکەوتووە کە ئێمە بە هی خۆمانی دەزانین.


ئاماژەی بەوەش دا: دەرگای سینەماکانی جیهان بۆ فیلمی کوردی بە ڕووی خۆماندا داناخەین و لەمناوە فیلمی کوردی شتێکی نەک لۆکاڵی بەڵکوو زمانێکی جیهانییە و سینەما بوارێکی نێونەتەوەییە و دەبێ ئێمە ئاگاداری هەموو هەنگاوگەلی جیهانی و دەوروبەرمان بین و ئەو هەنگاوانە بکەینە پێوەرێک بۆ بەرهەم هێنانی سینەمای خۆماڵی.


33 views0 comments

Comments


bottom of page